شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: چوارینەکانی ١ تا ٦ (بابەتی فەلسەفی)
لەبارەی شیعر: (بەشێک لە لاپەڕە ٢١٠ و ٢١١ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

١

هەر ئاخری هات تەمەن دەسەوجێ دەمرین
ڕێ دووره، کەچی باری گران هەڵدەگرین
ئێستاکه که زیندووین، به ژیان پێدەکەنین [١] 
ئەوسا که نزیکی مردنین، بۆی دەگرین [٢] 

٢

هاکا تەمەنت بگاته سەد ساڵی تەواو
ئەوکاته که خۆت دەبینی وەک لانکی شکاو
لەولاوه کەسێ دەسی به پیلت دەگرێ
لەم‌لا یەکی دی، ماوی، بەڵام ماوی نەماو

٣

ڕیشت سپییه، ددان نەماویی و نەمای
تا کەی له جیهانی فانییا هەر بە تەمای؟ 
کاتێ وەخەبەر هاتی له گۆڕا خەوتووی
'کامیل' ئەوه تۆی بوویەوه خاک، ئەلحەملای! 

٤

گەر خاوەنی کۆشکی شا بی و سەر بە فەلەک
هاواڵی ئەتۆ بن لە فەلەک گشتی مەلەک   
هەر هات دەمی مردنی، لە تاوی ئێشت [٣] 
خۆ ون دەکەی و دەڕۆیە کون، چەشنی دەڵەک! [٤] 

٥

سووڕا دژی تۆ ئەگەر فەلەک، گوێ مەدەیە! 
'هات' شاردیەوە خۆ وەکوو دەڵەک، گوێ مەدەیە! 
سووڕی فرەیە، لەتۆش دەکا جارێ ڕوو [٥] 
پشتی کە لەتۆیە، بەدەرەک، گوێ مەدەیە! [٦] 

٦

دەخولێمەوه لەم جیهانەدا بێ‌ئامانج
دیتم که نەمان خاوەنی سەد تەخت و تانج
ئێستا به ژیانی خۆم گەشەم دێ، پاشان [٧] 
دەگریم که ئەوەنده بۆ ژیام بێ‌قازانج! [٨] 

١. چاپی ئەنیسی: ژییان
٢. چاپی ئەنیسی: بۆو دەگرین
٣. چاپی ئەنیسی: دەمی مردنت
٤. ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نابینرێت، من تەنیا لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە. 
٥. چاپی ئەنیسی: سوڕی... دەکار جارێ ڕوو (دەبێ هەڵەی تایپ بێت)
٦. ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نییە، من لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە. 
٧. چاپی ئەنیسی: ژییانی
٨. چاپی ئەنیسیی: ژییام